ماوەیەكە هەندێ لە كەناڵەكانی راگەیاندن بەبێ گوێدانە ئیتیك وكاری رۆژنامەوانی دور لەهەموو ئینتمایەك! بەربونەتە گیانی زانكۆی هەڵەبجە، ئەو زانكۆیەی كە ئومێدی كەسوكاری پێنج هەزار فریشتەو خەڵكی تەواوی كوردستانە. ئەمە بەو مانایە نیە کە ڕاگەیاندنەکان باسی زانکۆ و دامەزراوەکان نەکەن , بەڵام پێویستە پەیوەست بن بەو بنەمایانەی كە خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن و هەڵگرینی، هاوسەنگی بپارێزن، بێلایەن بن، ئەجێندای سیاسی نەكەنە بنەمای كاركردنیان، لە گواستنەوەی هەواڵ وراپۆرتەكانتاندا راستگۆ بن , ڕاپۆرت و هەواڵەکان لە چوارچێوەى ئیتیک و بەهاکانى کارى ڕۆژنامەگەرى بن!… هتد
بەداخەوە! لە كوردستان كاری رۆژنامەوانیی تەواو تەمومژ و جەنجاڵە، بە شێوەیەك باكگراوندی ئەكادیمی لەپشت بەشێكی زۆر لە رۆژنامەنوس وهەواڵنێرو پەیامنێراندا زۆر بەكەمی بەدی دەكرێت، تەنانەت لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بەجۆرێك رۆژنامەنووس هەڵتۆقیون كە هەندێكیان هێندە بێئەداو نا ئەکادیمین! ناتوانن راپۆرتێكی هەواڵی بەشێوەیەكی بابەتی و ئەكادیمی ئامادە بكەن.
راستە ئەوان رۆژانە دەبێت راپۆرت ئامادەكەن، چونكە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەوەیە، بەڵام دەبێت بزانن چ راپۆرتێك، وەچۆن ئامادەی دەكەن، وەئایا ئەوەی ئامادەی دەكەن خزمەتە؟ یان ئەجیندای حیزبییە؟ ئاخۆ تا چەند ڕاستە و تا چەند ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانە سودێک دەگەیەنن بە خەڵک و جەماوەڕ! بەتایبەت لەشارێكی برینداری وەك هەڵەبجە وە زانكۆكەی.
ئەوەی جێگەى ئاماژەیە، كە لەم دوایانەیا هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن زۆر بێویژدانانە بەربونەتە جەستەی ماندوی زانكۆی هەڵەبجە، وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كرۆلی داردا دۆزیبێتەوە، كۆمەڵێك بابەت دەوروژێنن كە خزمەت بە كۆمەڵگای هەڵەبجە و زانكۆی هەڵەبجە ناكات، بەپێچەوانەوە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر سومعەی زانكۆی هەڵەبجە هەبووە، پێدەنچێت تێڕوانینەکانى جەماوەر بە ئاڕاستەیەکى ناڕاستدا ببات , كاتێكیش بەدواداچون دەكرێت بۆ بابەت و راپورتەكانيان دەبینین بەشێكی بێبنەماو چەواشەكاری و هەڵبەسراون، کە سەرچاوەى زانیاریەکە ڕوون نیە لە کوێوەیە ! بەشێكی دیكەشیان بابەتی ئەوەنە لاوازن كە پێویست بە وەڵامدانەوەش ناكات، نەك ئەوەی بكرێتە هەواڵ و فوی پیابكرێت وگەورە بكرێت.
دەپرسین بۆچی هەندێ كەناڵەكانی راگەیاندن تەنها ئیشیان ئەوەیە زانكۆی هەڵەبجەو شاری هەڵەبجە بشكێنن؟ دەبێت چ چێژێك لەپشت ئەمەوە هه بێت؟ بۆ نوسینگەی شارەكانی تری ئەم كەناڵانە بەو شێوەیە ئیش ناكەن؟ یان بۆچی ئەو هەموو دەستكەوت پێشكەوتنانەی زانكۆی هەڵەبجە به دةستی هيناون باسی لێوە ناكەن؟. كە لەراستیدا بەشاهیدی خەڵكی هەڵەبجەو كوردستان ودەرەوەش، زانكۆی هەڵەبجە ساڵی پار بەهێزترین و پرشنگدارترین وگەشاوەترین ساڵی تەمەنی بوو، ئەمەش كە دەیڵێین پشت ئەستورە بە بەڵگەو دیكۆمێنت، ئەدی بۆ كەناڵەكان باسی ناكەن؟
بۆ باس لەو هەموو دەستكەوت و بابەتە گرنگانە ناكەن كە زانكۆی هەڵەبجە لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 بەدەستی هێناوە، كە چالاكی وەهامان ئەنجام داوە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست نەكراوە و بێ وێنە بووە. بۆ ئەو كەناڵانەی راگەیاندن بەلایدا ناچن و پشتگوێی دەخەن؟ بۆ باس لەوە ناكەن ساڵی پار 4000 چوار هەزار پلە لەسەر ئاستی ڕانکینگى جیهانی هاتوینەتە پێشەوە؟ بۆ باسی ئەوە ناكەن لە كۆتا زانكۆی عێراقەوە , زانكۆی هەڵەبجە هاتوەتە پلەی 52 !؟ لەبەر چی ئەم زانیاریانە لە رای گشتی دەشارنەوە و نایكەنە راپۆرت و هەواڵ؟
دەپرسین؟
ئەو هەموو چالاكیانەی زانكۆمان كە ئەنجامی داوە لە ساڵی ڕابردو و لە ئەمساڵی خوێندنیشدا ئەنجامیان دەدات، بۆ هەندێ لەكەناڵەكان حزوریان نیە؟ لە كاتێكدا بانگهێشتانمە بۆ نوسینگەى هەڵەبجەى هەموکەناڵەکان دەڕوات، وەتەنانەت لە پەیجی رۆژنامەنوسانی هەڵەبجەشدا دایدەگرین تاوەكو پێشتر ئاگاداری بن و ئامادەییان هەبێت، بۆ نمونە ساڵی پار لە یادی کارەساتى کیمیاییبارانى هەڵەبجە ، زانکۆمان چەندین چالاکى زانستى و هونەرى و ڕۆشنبیرى ئەندامدا و لە یادى شاڵاوى ئەنفال لە سیمپۆزیۆمێكی زانستی كە زانكۆمان ئەنجامیدا، تەنیا دوو كەناڵی راگەیاندن لەوێ بوون. ئەدی ئەوانی دی لەكوێ بوون؟ تەنانەت لە یادی رۆژنامەوانی كوردیدا لە 22/4/2018 سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیمان ئەنجامدا و بە ئامادەبوونی پسپۆرو ئەكادیمیای زانكۆكانی بەریتانیا، بەڵام ئەمیشیان نەكردە هەواڵ، تەنانەت هەندێكیان هەر ئامادە نەبوون!
بۆ ئەو هەموو پێشكەوتن و دەستكەوتانە كە زانكۆی هەڵەبجە بەدەستهێنا كە بوار نیە لێرەدا باسی بكەین. بۆ ئەمانە ناگوازنەوەو پەخشی ناكەن؟.
كەواتە كاری هەندێ لە كەناڵەكانی راگەیاندن تەنیا بینینی خاڵە رەشە بچوكەكەیە لە فەزا سپیە گەورەكەدا، یاخود نەخێر ئەم كەناڵانە هەر دەیانەوێت زانكۆی هەڵەبجەو پارێزگای هەڵەبجە بشكێنن و هەر بە بەرنامە دژایەتی ئەم شارەو زانكۆكەی دەكەن و دەیانەوێت لە رێی چەواشەكاریەكانیانەوە هەڵەبجە زیاتر ببنە دواوە. ياخود رەنگە لەروی دەرونیەوە چێژ لەم چەواشەكاری فەوزایە وەربگرن.!!
.
زانکۆى هەڵەبجە
تشرینى دووەمى ٢٠١٨
- 09 تشرینی دووهەم
- 2018
