سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە چلەی ماتەمینیی خوێندکارێکی کۆلێجی پەروەردەی شارەزوور دەکات

ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٩ / ٦ / ٢٠٢٢)، لە کۆلێجی پەروەردەی شارەزوور، بە ئامادەبوونی بەڕێز پ.د.مهاباد کامل عبدللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو بەرێز د.ئەحمەد میرە ڕاگری کۆلێج و مامۆستایان و بنەماڵەو هاوڕێیانی، چلەی ماتەمینی خوالێخۆشبوو (فەرمان عوسمان) خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی کوردیی کۆلێجی پەروەردەی شارەزوور، بەڕێوەچوو.
سەرەتای بۆنەکە، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی کاک فەرمان و هەردوو مامۆستای کۆچکردوی زانکۆی سەڵاحەدین، بەڕێزان (د. کاوان ئیسماعیل) و (د. ئیدریس عیزەت)، دەستیپێکرد.
پاشان بەڕێز (پ.د. مهاباد کامل عبدللە) سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، وتارێکی تایبەتی پێشکەشکرد و دڵگرانیی خۆی بە کۆچیدوایی خوێندکار (فەرمان عوسمان) دەربڕی و وتی بە ناوی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆوە نیگەرانی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین،بە داخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا کاکە فەرمان خەون و ئاواتەکانی بێنێتە دی،داواکارین خوای گەورە ئارامیتان پێببەخشێ،لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجەوە پرسەو سەرەخۆشی گەیاندە خانەوادەی هەدوو مامۆستای خوالێخۆش (د.کاوان ئیسماعیل) و (د.ئیدریس عزەت) و ڕایگەیاند ئەمەش یەکێکە لەو ئازارانەی زانست و زانستخوازان هەرگیز لە بیری ناکەن و هیوای خواست، کە هەرگیز کارەساتی لەم جۆرە لە هیچ بەشێکی ئەم کوردستانەدا دووبارە نەبێتەوە.
ڕاگری کۆلێج بەرێز (د. ئەحمەد میرە)، بەبۆنەی تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر کۆچیدوایی خوێندکاری کۆچکردوودا، وتاری تایبەتیی پێشکەشکرد. دواتر بەڕێز (د.ئاریان سدیق، سەرۆکی بەشی کوردیی)، وتارێکی تایبەتی سەبارەت بە وێستگەکانی ژیان و خوێندنی ئەکادیمیی خوێندکار فەرمان عوسمان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد. (هارون حسێن) وەک هاوڕێی کۆچکردوو، هەروەها بە نوێنەرایەتیی خوێندکاران و هاوڕێیانی، چەند یادگاریی و یادەوەرییەکی خوێندنی کۆچکردووی گێڕایەوە. دواتر لەلایەن بەڕێز مامۆستا (محێدین)ەوە، وتاری بنەماڵەی کاک فەرمانی پێشکەشکرد و سوپاسی وەفای کۆلێج و بەش و مامۆستایان و هاوڕێیانی کۆچکردووی کرد، کە هەمیشە کاکە فەرمانیان وەک ڕۆڵەیەکی خۆشەویستی کۆلێج و بەشی کوردیی داناوە.
پیشاندانی ڤیدیۆیەکی کورت و داگیرساندنی (٢٤) مۆم، وەک هێمایەک بۆ (٢٤) ساڵەی تەمەنی کاک فەرمان، بەشێکی دیکەی مەڕاسیمەکەیان پێکهێنا.
لە کۆتاییدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێج، بڕوانامەی شانازیی (بەکالۆریۆس)یان بەخشی بە خوێندکاری کۆچکردو (فەرمان عوسمان).

Sharing is caring!