وەزارەتى خوێندنى باڵا سەرجەم بۆنەو چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆو دامەزراوەکانی پەیوەست بە وەزارەت ڕادەگرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا سەرجەم بۆنەو چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆو دامەزراوەکانی پەیوەست بەوەزارەت ڕادەگرێت.
بۆ شەهیدکردنى هەریەک لە (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و (د.ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى لەهەمان زانکۆ، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماتەمینى سەرتاسەرى لەسەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان ڕادەگەیەنێت و چەند بڕیارێکیش بۆ ڕاگرتنی بۆنەو چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەردەکات.
بەپێی نوسراوی ژمارە(٩٨٠)لە٢٠٢٢/٦/٢٨، کەلەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ئاڕاستەی زانکۆ حکومی و ئەهلی و تەواوی دامەزراوەکانی پەیوەست بەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کراوە هاتوە:
بۆڕێزگرتن لەگیانی پاکی هەردوو مامۆستای بەغەدر شەهیدکراو(د.کاوان ئیسماعیل)ڕاگری کۆلێژی یاسا لەزانکۆی سەلاحەدین و (د.ئیدریس حمەخان)مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری لەزانکۆی سەلاحەدین، سەرجەم دامەزراوەکانی سەربەوەزارەت ڕادەسپێرێن
١- داگرتنی ئاڵای وەزارەتمانو زانکۆکان و دامەزراوەکانی سەربەوەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی بۆماوەی سێ ڕۆژ.
٢- ڕاگرتنی سەرجەم چالاکییە زانستیەکان و مەراسیم و بۆنەو ئاهەنگەکانی دەرچوون لەسەرجەم زانکۆکان بۆماوەی سێ ڕۆژ.
هاوکات نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/6/28) بەئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و فەرمانبەران و مامۆستایان، ڕێوڕەسمێکى ماتەمینى بۆ شەهیدکردنى هەیەک لە (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و (د.ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى ڕێوڕەسمە ماتەمینیەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەریەک لە مامۆستایانى شەهید دوو مامۆستاو ئەکادیمى بەتواناو شارەزاو لێهاتوى زانکۆى سەڵاحەدین بون و لە ڕوداوێکى چاوەڕوان نەکراو و نەخوازراودا شەهید کران. بۆیە وەک وەزارەتەکەمان پرسەو سەرەخۆشى ئاراستەى کەسوکارو خانەوادەى مامۆستایانى شەهید دەکەین و هیواى چاکبونەوەى خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازین.
هەروەها بەتوندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکەین و لەپێناو سەروەرى یاساو پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەمو ڕێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەمو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى ببینە بەربەست و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.
هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر، زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى ڕاسپارد بە داگرتنى ئاڵاى وەزارەت و زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى سێ رۆژ و ڕاگرتنى سەرجەم چالاکییە زانستییەکان و مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەکانى دەرچون لەسەرجەم زانکۆکانى حکومى و تایبەت بۆ ماوەى سێ ڕۆژ.

Sharing is caring!