دیداری (پ.د.حەمەی مارف) بۆ زمانەوانیی نوێ بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٢ / ٦ / ٢٠٢٢)، لە کۆلێجی پەروەردەی شارەزوور، لە دوانزەیەمین ساڵیادی کۆچیدوایی زانای زمانەوانیی کوردیی، جەنابی (پ.د. محەمەد مەعروف فەتاح)دا، دیداری (پ.د. حەمەی مارف، بۆ زمانەوانیی نوێ)، بەناونیشانی (یاد و وەفا)، ئەنجامدرا.
سەرەتای دیدارەکە بە دەستپێکی بەڕێز (م.کانیاو بەکر عەبدوڵا) بڕیاردەری بەشی کوردیی دەستیپێکرد.
پاشان وتەی کردنەوەی دیدار و بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز د.ئەحمەد میرە ڕاگری کۆلێژەوە خوێنرایەوە.
دواتر بەڕێز (پ.د. مهاباد کامل عبدللە) سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و یەکێک لە خوێندکارەکانی وێستگەیەکی ژیانی د.محەمەد مەعروف فەتاح)، وتارێکی تایبەتی پێشکەشکرد و تێیدا تیشکی خستەسەر کار و بەرهەمە زانستییەکانی جەنابی د. محەمەد مەعروف. هەروەها (پ.د. دڵشاد عەلی)، وەک یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و زانستیی د. محەمەد، وتاری تایبەتی بەو لایەنەوە پێشکەشکرد. هەر لەو دیدارەدا و لەسەر پێشنیازی بەڕێز (پ.د. دڵشاد عەلی)، بەڕێز سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بریاری دا بە کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەی زمانەوانی حەمەی مارف  بۆ لێکۆلینەوەو توێژینەوەی زانستی زمانەوانی لە زانکۆی هەڵەبجە، کە سەنتەرەکە تەرخاندەبێت بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تایبەت لەسەر کار و سەرنج و بۆچوونە زانستییەکانی جەنابی (د. محەمەد مەعروف فەتاح) .
دیدارەکە بە وتارەکانی بنەماڵەی بەڕێزیان، کە لەلایەن (م. ژیلوان محەمەد مەعروف فەتاح)ەوە پێشکەشکرا و لە دواتریشدا بەڕێزیان زیاد لە (١٢٠)، سەرچاوەی زمانەوانیی و ئەدەبیی تایبەتی ناو کتێبخانەکەی (د. محەمەد)یان پێشکەش بە کتێبخانەی کۆلێج کرد. هەروەها (پ.د. شێرکۆ حەمەئەمین)، وتارێکی بە نوێنەرایەتیی خوێندکارانی (د. محەمەد مەعروف فەتاح)ەوە پێشکەشکرد.
لە دواتردا (١٢) مۆم، وەک هێمایەک بۆ دوانزەیەمین ساڵیادی کۆچیدوایی (د. محەمەد)، لەلایەن مامۆستایان و هاوڕێیان و بنەماڵەکەیەوە، داگیرسا.
هەر لە دیدارەکەدا، پانێڵێکی تایبەت بە سێ لێکۆڵینەوە و باسی زانستیی، لەسەر کار و بەرهەمەکانی (د. حەمەی مارف)، لەلایەن هەریەکە لە بەڕێزان:
– پ.د. سەباح ڕەشید قادر
– پ.د عەبدولجەبار مستەفا مەعروف
– پ.د. ڕەئووف کەریم
بە ناونیشانی تایبەت و وتار و باسی زانستییەوە، پێشکەشی ئامادەبوان کران.
کۆتایی دیدار، بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاس و پێزانینی لەخۆگرتبوو.

Sharing is caring!