وەفدێکی زانکۆی تارانی پزیشکی سەردانی زانکۆی هەڵەبجە دەکات

ئەمڕۆ ھەینی ١٣ی ٥ی ٢٠٢٢ وەفدێکی زانکۆی تارانی پزیشکی کە پێکھاتبوو لە بەڕێز دکتۆر حوسین قەناعەتی سەرۆکی زانکۆی تارانی پزیشکی و وەفدێکی یاوەری سەردانی زانکۆی هەڵەبجەیان کردو لە لایەن بەڕێز پرۆفیسۆر د.مهاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆو پ.ی.د.سیروان حامد احمد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و پ.ی.د.سەرکێو صلاح عبدالکریم ڕاگری کۆلێجی زانست و د.ئاکۆ ابراهیم فەقێوە پێشوازی کران.
لە دانیشتنێکدا کە بەڕێز د.طاهر هەورامی ئامادەی بوو، سەرەتا بەڕێز پ.د.مهاباد کامل بەناوی زانکۆی ھەڵەبجەوە بە خێرھاتنێکی گەرمیکردن و سوپاسی کردن کە ھەڵەبجە و زانکۆی ھەڵەبجەیان لە بیر نەکردوە. دواتر بەڕێزیان ئاماژەیان بە ھەنگاوەکانی کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی کرد لە زانکۆی ھەڵەبجە و پەرەپێدانی ستافی ئەکادیمی لە بواری پزیشکی بۆ کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆکەدا و ھەروەھا بەھێزکردن و عەمەلی کردنی ئەو یادداشت نامە کە لە نێوان ھەردوو زانکۆ بۆ پێشخستنی بواری زانستی بە تایبەت کردنەوەی خول و وۆرکشۆپی ھاوبەش و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەندی زانکۆی تارانی پزیشکی لە بواری زانستی پزیشکیدا کرد.
لە لای خۆیەوە بەڕێز دکتۆر حوسین قەناعەتی سەرۆکی زانکۆی تارانی پزیشکی باسیان لەوە کرد کە ھەڵەبجە و زانکۆی ھەڵەبجە بۆ ئەوان جێگایەکی تایبەتی ھەیەو ئاماژەیان دا کە خەمی ھەڵەبجە لە ناو دڵی ھەموو ئینسانیکی بەویژدان و مرۆڤ دۆستە. دواتر بەڕێزیان ئامادەیی زانکۆی تارانی پزیشکی دەڕبری بۆ جێبەجکردنی یادداشت نامەی نێوان ھەردوو زانکۆ و ھاوکاری زانکۆی تاران بۆ پەرەپێدانی تواناکان لە بواری پزیشکی بۆ زانکۆی ھەڵەبجە و ئاسانکاری بۆ دانیشتوانی شاری ھەڵەبجە بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی لە وڵاتی ئێران.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی ھاوبەش لە بواری پزیشکی لە 3/16 ی ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت.

Sharing is caring!