قایمقامى شارەزوور سەردانى سەرۆکایەتیی زانکۆى هەڵەبجەى کرد

ئەمڕۆ ١١ى ١ى ٢٠٢٢ بەڕێزان رزگار غەفور قایمقامى شارەزوور و جەوهەر خەلیفە یونس بەڕێوەبەرى ئاسایشى شارەزوور، سەردانى سەرۆکایەتیی زانکۆى هەڵەبجەیان کردو لەلایەن بەڕێز پ.د. مهاباد کامل عبدالله سەرۆکی زانکۆى هەڵەبجە پێشوازیان لێکرا.
سەردانەکە بەمەبەستى تاوتوێکردنى دابینکردنى زەوى بۆ دروستکردنى بینایەک بوو بۆ کۆلێژى پەروەردەى شارەزوورى سەر بە زانکۆى هەڵەبجە.
لە وتەیەکیشیدا بەڕێز رزگار غەفور قایمقامى شارەزوور وتى: ئەوەى لە توانایاندا بێت بۆ دابینکردنى زەوى بۆ کۆلێژى پەروەردەى شارەزوور دەیکەن، چونکە وەک ناوچەکەیان سوودى زۆریان لە کۆلێژەکە وەرگرتووە، بۆ خەڵکى سنوورەکەش ئەو کۆلێژە سوودو گرنگییەکى زۆرى هەیە.
باسى لەوەشکرد: لەلایەن پارێزگاوە داوامان لێکراوە گرنگترین پڕۆژە کە بۆ ساڵى ٢٠٢٢ بنووسین تاوەکو بۆمان جێبەجێ بکەن، ئێمە بە خۆشحاڵییەوە دروستکردنى کەمپێک بۆ کۆلێژى پەروەردەى شارەزوور لە سەرووى هەموو داواکارییەکانمانەوە نووسیوە تاوەکو بۆمان جێبەجێ بکەن، چونکە بە پڕۆژەیەکى زۆر گرنگ و پێویستى دەزانین.
قایمقامى شارەزوور وتیشى: جگەلەوە زانکۆ هەر زەوییەکى دیکەى پێویست بێت بۆ هەر مەبەستێکى دیکە ئامادەین بۆیان دابینبکەین، بەوپێیەى دواجار کارەکە بە سوودى خۆیان تەواو دەبێت.

لە بەرانبەردا بەڕێز پ.د. مهاباد کامل عبدالله سەرۆکی زانکۆى هەڵەبجە سوپاس و دەستخۆشى ئاڕاستەى قایمقامى شارەزوور کرد بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونانەى کە داویەتى لەپێناو دابینکردنى شوێنێکى شیاو بۆ راگرایەتى کۆلێژى پەروەردەى شارەزوور.

سەرۆکی زانکۆى هەڵەبجە وتیشى: لە رابردوودا بە بەردەوامى دەستان بە کۆلێژەکەمانەوە بووەو ئەوەى پێتان کراوە بۆ ئێمەتان کردووە، بۆیە دووبارە زۆر سوپاستان دەکەین لە پاى ئەو هەوڵانەى لە سەرجەم بوارەکاندا پێشکەشتان کردووین.

Sharing is caring!