ئەمڕۆ 9ی 1ی 2022 لە ڕێوڕەسمێكدا سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە ڕێزنامەی پێشكەشی (42) مامۆستاو توێژەری خۆی كرد بەبۆنەی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی، بەدەستهێنانی پلەی یەكەمی دڵنیایی جۆری لەسەر ئاستی كۆلێژو بەشە زانستیەکانو بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستییەوە.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا كە بەئامادەبوونی بەڕێز (ئازاد توفیق) پارێزگاری هەڵەبجە لە هۆڵی كتێبخانەی ناوەندیی زانكۆ بەڕێوەچوو، پرۆفیسیۆر دكتۆر (مهاباد كامل عبدالله) سەرۆكی زانكۆ، وێڕای پیرۆزبایی لە مامۆستا سەركەوتووەكان، جەختی كردەوە لەسەر پێویستیی پێشخستنی زانكۆو باشكردنی ئاستی زانستیی مامۆستایان بەجۆرێك كە ئەمڕۆیان لە دوێنی باشتر بێت.
هەروەها رۆشنایی خستە سەر هەوڵەكانی زانكۆی هەڵەبجە بۆ بایەخدان بە بواری توێژینەوە زانستییەكان. داواشی لە ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی خوێندنی باڵا كرد كە “ئەركی مامۆستایان لەم بوارەدا بە هەند وەربگیرێتو شایستە داراییەكانیان بۆ خەرح بكرێت”.
سەبارەت بە ڕادەی بەشداریی مامۆستایان زانكۆی هەڵەبجەو توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە زانستییە جیهانییەكاندا، سەرۆكی زانكۆ ئاشكرایكرد: “پێشتر زانكۆمان خاوەنی تەنها 18 ئیمپاكت فاكتەر بووە، بەڵام لەئێستادا ٢٨٠ ئیمپاكت فاكتەری هەیە لە گۆڤارە ناودارە جیهانییەكاندا”.
هەر لە وتەكەیدا لەبەردەم بەشێك لە راِگری كۆلێژەكانو سەرۆك بەشەكانی زانكۆدا، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە بەپەرۆشەوە مامۆستایانو توێژەرانی هان دا كە تویژینەوە ناوخۆییەكان پشتگوێ نەخەنو لەمەودوا بایەخی زیاتر بەو بوارە بدەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە ستایشی هەوڵی خەمخۆرانەی تەواوی مامۆستایانو فەرمانبەرانی زانكۆی كرد كە لێبڕاوانە زانكۆكەیان گەیاندووەتە سەر نەخشەی زانستیی ئەلیكترۆنی. لەوانەش: ئێستا زانكۆ خاوەنی پۆرتاڵی ئەلیكترۆنیی تایبەت بە خۆیەتی، تەواوی كارەكانی دڵنیایی جۆری كراون بە ئەلیكترۆنی، كاروبارە كارگێڕییەكانی زانكۆ كراون بە ئەلیكترۆنی، هەروەها دروستكردنی پرۆگرامی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانو چەندین دەستكەوتی دیكە.
دوابەدوای ئەوەش، ڕێزنامەی تایبەتی سەرۆكایەتی زانكۆ پێشكەشی (42) مامۆستاو توێژەری زانكۆ كرا لەپای كۆششو بەرهەمە زانستییەكانیاندا، بەم شێوەیە: (12) مامۆستاو توێژەر كە پلەی زانستییان بۆ پرۆفیسیۆر و پرۆفیسیۆری یاریدەدەر بەرزبووەتەوە، (12) مامۆستاو توێژەر كە لەماوەی ساڵێكدا زیاتر لە سێ توێژینەوەی زانستییان بڵاوكردووەتەوە، (2) مامۆستاو توێژەر كە پلەی یەكەمی دڵنیایی جۆریی سەر ئاستی زانكۆیان بەدەستهێناوە، هەروەها (16) مامۆستاو توێژەریش كە پلەی یەكەمی دڵنیایی جۆریی سەر ئاستی بەشە زانستییەكانیان بەدەستهێناوە.