زانکۆلاین ٤٨ سەعات درێژکرایەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ماوەى (زانکۆلاین)ى بۆ ٤٨ سەعاتى داهاتو درێژدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی (١٠/١٠) رۆژی دەنگدانەو هاوڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلێدوانێکیدا رایگەیاند: لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە، هەروەها بەهۆی ئەوەشی (١٠/١٠) رۆژی دەنگدانەو هاوڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەى زانکۆلاین (٤٨) سەعاتى دیکە واتە تا سەعات (١٢)ی شەوى رۆژى دوشەمە رێکەوتى (٢٠٢١/١٠/١١) بۆ دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمى زانکۆلاین تەواوبکەن.

عەباس ئەکرەم راشیگەیاند: ئەمە دواین دەرفەتەو چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو ٤٨ سەعاتەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.

Sharing is caring!