د. ئارام محمد قادر بۆ مامۆستایانى زانکۆ: پابەندی یاساکانی کۆمیسیۆن بن و ڕێگربن لە هەر پێشێلکارییەک

بەئامانجى سود وەرگرتن لە توانا زانستى و مرۆییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەر داواى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە ڕۆژى دەنگدانى گشتى مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان وەک سەرپەرشتیار و کارمەندى تەکنکیى بۆ هاوکارى بنکەکانى دەنگدان دەستبەکار دەبن.

پاڵپشت بە یاساى ژمارە (١٠)ى ساڵى (٢٠٠٨)ى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مادەى چوارەم/ بڕگەى یەکەم و دوا بەدواى هەردو فەرمانى وەزاری ژمارە (١٦٢١) و (١٦٢٢) کە ئیمزاى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەرە، تایبەت بە دانانى مامۆستایانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەک سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى دەنگدان و کارمەندى تەکنیکى بۆ هاوکارى بنکەکانى دەنگدان لەکاتى بونى هەر کێشەیەک لە بنکەکان و ناوەندەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە ڕۆژى (١٠/١٠/٢٠٢١) ئەنجام دەدرێت، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى دەرکرد:

•پێویستە سەرجەم ئەو مامۆستاو کارمەندانەى سەر بە وەزارەتەکەمان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق راسپێردراون بۆ سەرپەرشتی کردنی ناوەندەکانی دەنگدان، پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانی و یاسایی پابەندی سەرجەم یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بن و ڕێگربن لەهەر هەوڵێکی ساختەکاری و پێشێلکارییەک کە پرۆسەکە لەکەدار بکات، ئەویش بە ئامانجى سەرخستنى پرۆسەکەو ڕێزگرتن لە ئیرادەى دەنگدەران و هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.

• ئامادەبونى سەرجەم ئەو مامۆستاو کارمەندانەى کە وەک تەکنیککار و کارمەندى چاککردنەوە لە بنکەو ناوەندەکانى دەنگدان، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کە کات و شوێنیان بۆ دیاریکراوە.

• بەهۆى ئەوەى زۆربەى مامۆستایان و فەرمانبەران سەرقاڵ دەبن بە ئیش و کارەکانیان لە ناوەندەکانى دەنگدان تا کاتێکى درەنگ، بڕیارماندا رۆژى دوشەمە ڕێکەوتى (١١/١٠/٢٠٢١) بکرێتە پشوى فەرمى لە دیوانى وەزارەت و سەرجەم ناوندەکانى خوێندنى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

Sharing is caring!