لە کۆبونەوەیەکدا هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە تاوتوێکرا

ئەمڕۆ ٢٠٢١/٧/١١ لە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی و د. طاهر هەورامی ، پ.ی.د. مهاباد کامل عبدللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە پێشوازی لە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان د. ئامانج عبدللە سەعید ڕاوێژکاری وەزارەت و د. محمد حسێن ئەحمەد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی دڵنیایی جۆریی وەزارەت.
لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە ئامادەکاری و هەنگاوەکانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجەو ئاستەنگەکانی ئەو ڕێکارانە کرا کە دەبنە هۆی سستی لە جێبجێکردنیدا، لەو بارەیەوە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە سەرەتا بەخێرهاتنی ئامادەبووان کردو ڕایگەیاند لێکتێگەشتنێکی باش هەیە لە نێوان زانکۆی هەڵەبجەو پارێزگارو وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی بەڵام کۆمەڵێک ڕێکاری تایبەت هەیە بۆ جێبەجێکردنی لەوانە وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستی دەبێت هەماهەنگ بن و لە ڕووی زانستی و ئەکادیمیەوە ئەرکێکی ئێجگار گەورەیە کردنەوەی کۆلێژەکە، پاشان سوپاسی ئامادەبووانی کرد بەرامبەر بە هەوڵەکانیان لە پێناو کردنەوەی کۆلێژەکە چونکە دەبێتە دەستکەوتێک بۆ هەموو کوردستان.
دواتر بەڕێز د. محمد حسین لە وتەیەکیدا ڕوونی کردەوە لە سەر ڕاسپاردەی بەڕێز د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەو زانکۆیان کردووە تاوەکو پڕۆژەیەکی زانستی گرنگ لە زانکۆی هەڵەبجە ئەنجام بدەن ئەویش کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیە، هەروەها باسی لە گرنگی ئەم کۆلێژە کرد لە ناوچەکەداو هیوای خواست بتوانن بە باشترین شێوە جێبەجێی بکەن.
شیاوی باسە بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و ڕاگرانی کۆلێژەکانی زانست و یاساو کارگێڕی و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرەگشتیەکان ئامادەی کۆبونەوەکە بوون.

 

Sharing is caring!