مامۆستایەکی زانكۆی هەڵەبجە بەشداری وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی دەکات

مامۆستایەکی زانكۆی هەڵەبجە بەشداری وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی دەکات .

م.ی. ئاوارە حسێن مامۆستای بەشی یاسا بە نوێنەرایەتی زانکۆی هەڵەبجە بەشداریکرد لە وۆرکشۆپی نێودەوڵەتی (یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ ئەکادیمیان)
لە ڕۆژانی (22 و 23ی 12ی 2019) لە هۆتێل دارین پلازا لە شاری هەولێر.

وۆرکشۆپەکە بڕیاربوو لە مانگی یانزەی ئەمساڵ لە شاری نەجەفی پیرۆز بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکان و نائارامی دۆخی ئاسایشی شارەکەوە گوازرایەوە بۆ شاری هەولێر.

وۆرکشۆپەکە لەلایەن لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتییەوە بە هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم و عێراقەوە ڕێکخرابوو.

پسپۆڕان و مامۆستایانی یاسای گشتی نێودەوڵەتی، یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەشت زانکۆی کوردستان بەشداربوون.
لەماوەی دوو ڕۆژی وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆی قووڵی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە ناونیشانی وۆرکشۆپەکە کرا.
کە بریتی بوون لە:

ڕۆژی یەکەم/ ئالنگارییە هاوچەرخەکانی بەردەم یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی(بەشی یەکەم)، بەکارهێنانی هێز لە جێبەجێکردنی یاسا و پەیوەست بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، جێبەجێکردنی یاسای مرۆیی نێودەووڵەتی لە ناوچەکانی پاش ململانێ- کەیسی موسڵ و بێسەرو شوێنان و دیلەکان.

ڕۆژی دووەم/ تەکنەلۆژیای نوێ لە ململانێی چەکداریدا، ئالنگارییە هاوچەرخەکانی بەردەم یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی (بەشی دووەم)، پێشێلکارییەکانی یاسای مرۆیی نێودەڵەتی و یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و دەروازەیەک بۆ یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، پرەنسیپی دەسەڵاتی دادوەری جیهانی و جێبەجێکردنی ناوخۆیی سزاکان.

 

Sharing is caring!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *