بڕوانامەی بەشداری كردن لە خولی هاوینەی (بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی) بەخشرایە خوێندكارانی بەشداربووی خولەكە.
ڕۆژی دوشەمە بەرواری 2018/11/26 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی سیمیناراتی كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتیەكانی زانكۆی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و ژمارەیەك مامۆستا و خوێندكاری زانكۆی هەڵەبجە و چەند توێژەرێك ، لە مەراسیمێكدا بڕوانامەی بەشاریكردن لە خولی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی بەخشرایە بەشداربوانی خولەكە.
دەستپێكی مەراسیمەكە بە وتەی (م. جمال ئەمین) سەرۆكی بەشی یاسای زانكۆی هەڵەبجە دەستی پێكرد . ئەو بەناوی زانكۆی هەڵەبجەوە سوپاسی ڕێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنانی كرد كە لەماوەی ڕابردودا بە شێوەی مەیدانی و تیۆری خزمەتی خوێندكارانی زانكۆی هەڵەبجەیان كردوە و یاساییانە سەرجەم ڕەهەندەكانی توندوتیژیان بۆ خوێندكاران ڕونكردوەتەوە ، هەروەك ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم چالاكیە بە یەكەمین چالاكی ئەكادیمی یاسایی دادەنرێت ، هیواشی خواست كە هەماهەنگی ڕێكخراوەكان و ناوەندە یاساییەكان بەردەوام بیت لەگەڵ زانكۆی هەڵەبجە تا بەهەمولایەكەوە بتوانرێت نەوەیەكی یاسایی دور لە توندوتیژی بەرهەم بهێنن. پاشان پارێزەر (شۆخان حمەرشید) سەرۆكی ڕێكخراوی ناوبراو لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر سەرەتای دروست بونی ڕێكخراوەكەیان و كار و چالاكیەكانیان لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە كرد كە ڕێكخراوەكەیان ڕێكخراوێكە زیاتر لە بواری ژناندا ڕۆڵ دەبینێت و بارەگای سەرەكیان لە سلێمانیە و لە مانگی 10ی 2017 دا نوسینگەیان لە هەڵەبجە كردوەتەوە. ئاماژەی بەوەش كرد كە كردنەوەی ئەم خولە بۆ خوێندكارانی زانكۆی هەلەبجە یەكێكە لە چالاكیە ئەكادیمە سەركەوتوەكانی نوسینگەی هەڵەبجەی ئەو ڕێكخراوە. لە خولەكەدا خوێندكاران ئاشنا كراون بە یاساكانی پارێزەریی فێركراون كە چۆن یاساكانی توندوتیژی خێزانیی دژ بە ژنان بەرەو پێش ببەن و كار بكەن بۆ كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیە.
پاشان نوێنەری خوێندكارانی بەشداربوو وتەی خوێندكارانی خوێندەوە و سوپاسی هەریەك لە زانكۆی هەڵەبجە و ڕێكخراوەكەی كرد كە لە ماوەی ڕابردودا خۆبەخشانە و دڵسۆزانە بەدەم خوێندكارانەوە بوون.
لە كۆتاییدا بڕوانامەی بەشداریكردن بەخشرایە خوێندكارانی بەشداربوو





