Published at: 29-09-2022

بەرێوەچوونی دیداری نێودەوڵەتی هەورامانناسی لە زانكۆی هەڵەبجە

Powerd by: UoH

دیداری نێودەوڵەتی هەورامانناسی لەزانكۆی هەڵەبجە بەرێوەچوو، كە بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی كوردستان (سنە) رێكخرابوو.

دیدارەكە رۆژی 29/9/2022 لە شاری هەڵەبجەو لە هۆڵی مستەفا زەڵمی بەرێوەچوو، كە لەسەرەتادا دوای دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان‌، دكتۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە وتاری بەخێرهاتنی پێشكەشكرد، پاشان پرۆفیسۆر دكتۆر ئومێد قادر زادە نوێنەری زانكۆی كوردستان (سنە) بەرنامەی دیدارەكەی خستەڕوو، تێدا وتی: ئەم دیدارە ئامادەكارییە بۆ بەستنی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەنێوان هەردوو زانكۆی هەڵەبجەو زانكۆی كوردستان (سنە)، كە لەمانگی 11ی داهاتوو بەرێوەدەبرێت‌و تێدا چەندین توێژینەوە لەبارەی هەورامانناسی پێشكەش دەكرێت.

دواتر پانێڵی سەرەكی دیدارەكە دەستی بەچالاكییەكانی كرد، كە پانێڵەكە لەلایەن دكتۆر ئاریان سدیق لەزانكۆی هەڵەبجە بەرێوەبراو لە پانێڵەكەدا چوار وتاری جیاواز بە چوار ناونیشان پێشكەشكرا.

لە سەرەتای پانێڵەكە پرۆفیسۆر دكتۆر كیومەرس ئیراندوست وتارێكی لەبارەی “هەورامان لەحكومەتی ناوچەییەوە بەرەو حكومەتێكی نەتەوەیی” پێشكەشكردو تێدا باسی لەو دەسەڵاتە ناوچەییانە كرد، لە هەردوو هەورامانی تەخت‌و لهۆن لە دوای ساڵی 1930 هەبووە، تا دروستبوونی دەسەڵاتی حكومەتە ناوەندی‌و نەتەوەییەكان بەسەر ناوچەی هەورامانداو وتی: حكومەتە ناوەندییەكان كاریگەرییان بەسەر بڵاوبوونەوەی هەورامییەكان لە ناوچەكانی تر بەگشتی‌و بەتایبەتی لەعێراق هەبووە، بەوەی هەندێكیان روویان لە موسڵ‌و كەركوك‌و سلێمانی‌و تەنانەت بەسرەش كردووە.

وتاری دووەمیش لەلایەن مامۆستا ئەیوب كوێخا روستەم پێشكەشكرا، كە تایبەت بوو بە “پەیوەندی رۆحی لە شعری مەولەویدا”و باسی لەوە كرد، بەرهەمەكانی مەولەوی شیعری زمانی كوردییان گەیاندووەتە لوتكە، وتیشی: مەولەوی شوێنگرەوەی نەبووە، چونكە لەرووی ناوەڕۆكەوە شیعرەكانی لەئاستێكی باڵا بوون، هەر لە بوونی وێنەی شیعری‌و ئاوازی بەرزوو، بوونی تۆنی لیریكی لەشیعرەكانیدا، بۆیە بووەتە سەرچاوەیەكی باشیش بۆ شاعیرانی دوای خۆی، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمی نوێ لە شیعرەكانی مەولەوی دابهێنن.

لەبارەی پەیوەندی رۆحی مەولەویش وتی: مەولەوی پەیوەندی رۆحی لەگەڵ تەریقەتەكان هەبووە، بەتایبەتی پەیوەندی لەگەڵ شێخ زیائەدین‌و شێخ عوسمانی سراجەدین، لەو چوارچێوەیەش چەندین شیعری عیرفانی هەبووەو تێدا ئەو پەیوەندییە رۆحییەی بەروونی باس كردووەو چەند نموونەیەكی شیعریشی بۆ ئەوە خستەڕوو.

وتاری سێیەمی دیداری نێودەوڵەتی هەورامانناسی لەلایەن پرۆفیسۆر دكتۆر حوسێن دانیشمهر پێشكەشكراو، كە تایبەت بوو بە “هەورامان لەڕووی بنەما جیهانییەكانی پەرەپێدان‌”و تێدا وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە، كە هەورامییەكان لە كوێی تیۆری پەرەپێداندان‌؟ بەوەی هەورامی كێیە؟ چی دەكات؟ چۆن بیر دەكاتەوە؟

پرۆفیسۆر دكتۆر حوسێن دانیشمهر لە وتارەكەیدا وتیشی: لە هەورامان توێژینەوە كەمە لەسەر شوناسی هەورامییەكان، كە پشتی بە تیۆری پەرەپێدان بەستبێت، ئەوەش مەترسییە بۆ لەناوچوونی شێوەزاری هەورامی، كەلتورو تەنانەت دابونەریت‌و ئاینیش.

وتاری كۆتاییش لەلایەن مامۆستا هومایۆن ساحێب پێشكەشكرا، كە تایبەت بوو بە “شیعری هەورامی تانی، قوتابخانەیەكی شیعری شكۆدار”و تێدا ئەوەی خستەڕوو، كە قوتابخانەی شیعری هەورامی – گۆران، قوتابخانەیەكی دەوڵەمەندە لە مێژووی ئەدەبی كوردی، وەك ئەوەی سەرچاوە ئەدەبییەكان بەگشتی‌و عەلادین سوجادی بەتایبەتی باسیان كردووە.

هەروەها وتیشی: جوانی زمانی شیعری‌و هەستی لیریكی‌و ئاوازو رۆمانسی لە قوتابخانەی شیعری هەورامی لە لوتكەدایەو چەند نموونەیەكی شیعریشی لەو بارەوە خستەڕوو.

لە كۆتایدا، بەشێك لەئامادەبوونی دیداری هەورامانناسی، پرسیارو سەرنج‌و تێبینییان لەبارەی وتارەكان خستەڕوو، وتاربێژەكانیش وەڵامی پرسیارو سەرنج‌و تێبینییەكانیان دایەوە.

chevron-down