Published at: 07-12-2022

زانكۆی هەڵەبجە و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز یاداشتنامەیەكی لێکتێگەشتن واژوودەكەن

Posted by:  UoH

زانكۆی هەڵەبجە و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز یاداشتنامەیەكی لێکتێگەشتنیان واژووكرد، ئەوەش بەمەبەستی هاریکاری و هەماهەنگی و ئەنجامدانی چالاکی و پرۆگرامی هاوبەش پێكەوە.

رۆژی 7/12/2022 بە ئامادەبوونی بەرێزان پڕۆفیسۆر دكتۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە و دەوەن مەعروف بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز یاداشتنامەی لێکتێگەشتنەكەیان واژووكرد.

بەپێی یاداشتنامەكە هەرلایەك ئەرک و لێپرسراویەتییەکانی خۆی ئەنجامدەدات لەچوارچێوەی یاداشتەكەداو کۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجامدەدەن لەسەر ئەو بابەتانەی بەرژەوەندی هاوبەشی تێدایە بەپێی ئەجندایەک، کە هەردوولا لەسەری رێکەوتوون.

هەروەها پاڵپشت بە مەرج و بڕگەکانی ئەو یاداشتە، زانكۆی هەڵەبجە و رێكخراوی رۆشنبیری جەمال نەبەز لەسەر هاریکاری و هەماهەنگی لەم پرۆگرامانەی خوارەوە رێككەوتوون:
هەردوولا جەختدەکەنەوە لەسەر ڕۆڵ و گرنگی کارو چالاکی بەردەوام لەبوارەکانی کوردناسی و یاسایی و زانستییدا.
ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ساڵانە بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی هەڵەبجە.
هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستی هاوبەش، هاوکات وۆرکشۆپ و سیمپۆزیۆمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر بابەتەکانی کوردناسی و یاسایی و زانستی ڕێکدەخەن.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز هاوکاردەبێت لە بەئەنجامگەیاندنی چالاکییە زانستی و ئەکادیمییەکان بە دابینکردنی فەند و سپۆنسەرکردن.
ئەنجامدان و ڕێکخستنی کارو چالاکی جۆراوجۆر لەبوارەکانی کوردناسی و یاسایی و زانستییدا.

ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز، رێكخراوێكی ئەکادیمی ناحکومی قازانج نەویستە، کاردەکات لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئامانجی خزمەتگەیاندنە بە کەرتی خوێندنی باڵا و کلتوریی کۆمەڵی کوردەواری.

chevron-down