Published at: 01-12-2022

زانکۆی هەڵەبجە، پێشوازی لە رێکخەری پرۆگرامی نوێی (تیچەرسمۆد) کرد

Posted by:  UoH

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ١-١٢-٢٠٢٢ TeachersMODرێکخەری سەرەکی پڕۆگرامی نوێی تیچەرسمۆد

، بەرێز پرۆفیسۆر ئەنتۆنیۆ مۆرۆن لە زانکۆی پاڤیا لە ئیتالیا و بەرێز دکتۆر رەند حەمودی بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی دهۆک، سەردانی زانکۆی هەڵەبجەیان کرد و لەلایەن بەرێز پرۆفیسۆر دکتۆر مهاباد کامل عبدالله، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو بەرێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر حسین محمد صاڵح، ڕاگری کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەت پیشوازیان لێ کرا.
سەرۆکی زانکۆ بە ناوی خۆی و ستافی زانکۆوە پێیڕاگەیاندن خۆشحاڵن بە سەردانەکەیان بۆ پارێزگای هەڵەبجەو بەتایبەتیش بۆ زانکۆی هەڵەبجە. بەڕێزیان ئەوەی خستەڕوو زانکۆی هەڵەبجە پێشتر لە چەند پرۆگرامێکی دیکەی ئیراسمەس بەشداربووەو سودێکی باشی زانستی و ئەکادیمیان بۆ زانکۆ هەبووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا زانکۆی هەڵەبجە هەمیشە لەهەوڵ و کۆشش دایە لە هەموو ڕووەکانەوە بۆ  بەزرکرنەوەی ئاستی زانکۆو، هیواخوازن ئەم پڕۆژە نوێیەش بە هەمان شێوەی پڕۆژەکانی پێشوو یارمەتیدەر بێت لە بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەکادیمی و زانستی و کارگیڕی زانکۆی هەڵەبجە.
لەکۆبونەوەکەدا، بەرێز پرۆفیسۆر ئەنتۆنیۆ سوپاسی بەخێرهاتنی گەرمی زانکۆی هەڵەبجەیان کردو بەکورتی هەندێ بابەتی پرۆژەکەیان ئاماژە پێکرد وەک پێکهاتەی پرۆژەکە، کە لە پێنج زانکۆی کوردی و چوار زانکۆی ئەوروپی پێک دێت و زانکۆی پاڤیا رێکخەری سەرەکی پرۆژەکەیە. باسیان لەوەش کرد هیوادەخوازن لەسەرئەوەی دواتر کاربکرێت لەسەر ئەو پرۆژانەی تایبەتن بە ئاڵوگۆڕی خوێندکاران.
دواتر بەڕێز پرۆفیسۆر ئەنتۆنیۆ و دکتۆر رەند سەردانی کۆڵیژی پەروەردەی بنەڕەتیان کردو لەلایەن ڕاگری کۆلێژ، بەڕێز دکتۆر حسین محمد صاڵح و سەرۆک بەش و بڕیاردەری هەر سێ بەشی کۆلێژەکەوە پێشوازیان لێکرا.
لەکۆبونەوەکەیاندا گفتوگۆ لە چەندین بواری پرۆژەکە کراو وەک هەبوونی سیستمێکی تایبەت بۆ بەشداری پێکردنی خوێندکاران و وەرگرتنی ڕایان لە پرۆسەی پرۆگرامەکانی خوێندن و پێویستی هەبوونی ڕەزامەندی لە کاتی پێداچوونەوە یان گۆڕانکاری لە رێبازەکانی وانەوتنەوەو لایەنە تەکنیکی و کارگێریەکان و بودجەی پڕۆژەکەو دابەشبوونی کارەکان کە بە

(Work Package)

 ناسراوەو ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەلایەن زانکۆ بەشدابووەکانەوە هەر شەش مانگ جارێک و چەندین بواری دیکە باس کران.
لەکۆتایدا هەردوولا بەپەرۆشەوە باسیان لە کۆبونەوەی یەکەم و فەرمی پرۆژەکەیان کرد کە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە زانکۆ دهۆک بە بەشداری هەموو زانکۆ ئەندامەکانی پرۆژەکە بەرێوە دەچێت.
پڕۆژەی (تیچەرسمۆد) یەکێکە لە پڕۆژەکانی یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی پرۆگرامی( ئیراسمەس پلەس) لە ماوەی دوو ساڵدا جێ بەجێدەکرێت و ئامانجی سەرەکی پەرەپێدانی توانای مرۆییە لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆ کوردیەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پێداچوونەوە بە رێبازی وانەوتنەوەو بابەتی وانەکان و پێناساندنی شێوازو ڕێبازی مۆدێرنی وانەوتنەوەو گۆڕینی سەنتەری فێربوون لە مامۆستاوە بۆ خوێندکار.

chevron-down