زانکۆی هەڵەبجە: ڕێزلێنانی بەخشی بەمامۆستایانی (نازناوی زانستیان بەرزبوەتەوە، دوو توێژینەوەو زیاتریان بڵاوکردوەتەوە، لەسەر ئاستی بەش و کۆلێجەکان پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە)
لەسەر راسپاردەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێز(پ.د.مهاباد كامل عەبدوڵڵا) بەڕێوبەرایەتی دڵنیایی جۆری لە سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە، ئەو مامۆستا بەرێزانەی زانكۆی هەڵەبجە، كە نازناوی زانستیان بووەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەر، لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی دوو توێژینەوەی زانستی یان زیاتریان ئەنجامداوە، هاوکات بەخشینی خەڵات بەو مامۆستایانەی لەسەر ئاستی بەشو كۆلیجەکانی زانكۆی هەڵەبجە لە پرۆسەكانی دڵنیایی جۆری پلەی یەكەمیان بەدەستهێناوە.
مەراسیمی رێزلێنانەكە، رۆژی یەك شەممە ١٤-١١-٢٠٢ لە هۆڵی كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی هەڵەبجە بەرێوەچوو، لەووتەیەکدا بەرێز سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە(پ.د. مهاباد كامل عەبدوڵڵا) سوپاسی ماندووبوونی ئەو مامۆستایانەیكرد و ڕایگەیاند هەمووان پێکەوە کاردەکەین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆی هەڵەبجە.
هەروەها باسی لەوەش كرد وەك سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە دڵخۆشن بە ئاستو ئەنجامی ئەو مامۆستا بەرێزانەی لەماوەی ساڵی رابردوودا زۆرترین توێژینەوەیان ئەنجامداوە یان پلەی زانستیان بەرزبووەتەوەو وتی؛ سەرکەوتنی ئێوە سەرکەوتنی زانکۆیە.
سەرۆكی زانكۆ لە وتارەكەیدا دووپاتیکردەوە سەرۆكایەتی زانكۆ پاڵپشتی تەواوی ئەو مامۆستایانە دەكەن، توێژینەوە ئەنجامدەدەنو كار بۆ ئەوەش دەكەن بەزووترین كات پاڵپشتییە داراییەكانیان بۆ خەرج بكەنو بۆ ئەومەبەستەش لەسەر خەتن لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
پاشان مەراسیمی رێزلێنانی ئەو مامۆستایانە كرا، نازناوی زانستیان لە مامۆستاوە بووە بە پرۆفیسۆری یاریدەدەرو ژمارەیان سێ مامۆستا بوو، لەگەڵ خەڵاتكردنی ئەو مامۆستایانەی زیاتر لە دوو توێژینەوەیان ئەنجامداوەو ژمارەیان(٢٨) مامۆستابوو، لەگەڵ خەڵاتكردنی ئەو مامۆستایانەی، پلەی یەكەمیان لە پرۆسەكانی دڵنیایی جۆری (زانستخوازی بەردەوام، فیدباكی خوێندكار، هەگبەی مامۆستا) بۆ ساڵی خوێندنی 2021- 2022 لەسەر ئاستی زانكۆو كۆلیژو بەش بەدەستهێنابوو، ژمارەی ئەوانیش (٣٠) مامۆستا بوون.