Published at: 07-08-2022

زانکۆى هەڵەبجەو رێکخراوى خاڵ پرۆژەى (ئینسایکلۆپیدیاى پارێزگاى هەڵەبجە) رادەگەیەنن

Posted by:  UoH

ئەمڕۆ ٧ى ٨ى ٢٠٢٢ لە لە کتێبخانەى ناوەندى زانکۆى هەڵەبجە مەراسیمى راگەیاندنى پرۆژەى (ئینسایکلۆپیدیاى پارێزگاى هەڵەبجە) بەڕێوەچوو، پڕۆژەکە لەلایەن زانکۆى هەڵەبجەو رێکخراوى خاڵ بۆ هزرو رۆشنبیریی ئەنجامدەدرێت.

 لە سەرەتاى مەراسیمەکەدا پ.د. مهاباد کامل عبدالله سەرۆکی زانکۆى هەڵەبجە باسى لەوەکرد کاتێک رێکخراوى خاڵ پڕۆژەیەکى لەو شێوەیەیان پێشکەشکردوون بە پەرۆشەوە بەدەمییەوە چوون، بەو ئامانجەى بتوانرێت ئینسایکلۆپیدیایەک بۆ شارى هەڵەبجە ئامادەبکرێت کە نەوەکانى داهاتوو شانازى پێوە بکەن.

وتیشى "هاوکارى و پاڵپشتى پڕۆژە رۆشنبیرى و مێژوویی و زانستییەکان دەکەین چونکە دواجارئەو پڕۆژانە بە خزمەتى کوردستان و پارێزگاى هەڵەبجە تەواودەبێت، ئینسایکلۆپیدیاش فەرهەنگێکى رێنماییەکەرەو جۆرەها بابەتى تێدایەو لەو رێگەوە هەموو کەسێک دەتوانێت زانیارى گشتیی لەبارەى شارى هەڵەبجەوە لێ وەربگرێت".

دواتر ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە لە وتەیەکیدا ئەوەى راگەیاند: ئەم کارە کارێگى گەورەو گرنگەو لە بنەڕەتدا کارى شوێنە ئەکادیمییەکانەو هەندێکجار چەند دامەزراوەیەکى ئەکادیمى رێکدەکەون تاوەکو پڕۆژەیەکى لەم شێوەیە جێبەجێبکەن.

باسى لەوەشکرد: لایەنى ماددى ئەم پڕۆیە لەلایەن شێخ عەلى شێخ عێزەدین لە ئەستۆگیراوەو ئەو کەسایەتییە هەنگاوى گرنگی لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەى شارى هەڵەبجەدا گرتووەتەبەر، لایەنى مەعنەویشى کەوتووەتەسەر شانى زانکۆى هەڵەبجەو رێکخراوى خاڵ و ئێمەش وەک پارێزگارى هەڵەبجە لە خزمەتیانداین و هەموو هاوکارییەکیان دەکەین.

هەر لەو مەراسیمەدا محەمەد رەئوف بە ناوى رێکخراوى خاڵ باسى لەوەکرد ئەم رێکخراوە لەماوەى تەمەنێکى کورتدا خزمەتێکى گەورەى پێشکەشکردووەو بۆ ئەم پڕۆژەیەش مەبەستیەتى خزمەتێکى مەعریفى پێشکەش بە شارى هەڵەبجە بکات.

وتیشى "پڕۆژەیەکى لەم شێوەیە پێویستى بەوەیە بەردەوام ئەبدەیت بکرێت و پڕۆژەکە لە کۆتایی نایە، چونکە ئەم پڕۆژەیە بە شێکە لە نووسینەوەى مێژوو".

هەروەها د.حسێن محەمەد راگرى کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى زانکۆى هەڵەبجە و سەرۆکى لیژنەى باڵاى پڕۆژەکە لە وتەیەکیدا رایگەیاند: زانکۆى هەڵەبجە هەموو تواناکانى خۆى دەخاتەکار تاوەکو ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت و بەرهەمێکى جوان پێشکەش بە هەمووان بکات.

وتیشى "دەستمان بە کارەکانمان کردووەو سەردانى پارێزگارى هەڵەبجەمان کردووە تاوەکو دەست بە کۆکردنەوەى زانیارییەکان لەسەر شارەکە بکەین، ئەویش ئامادەیی هەموو هاوکاریکردنێکى بۆ پڕۆژەکە دەربڕیوە".

پاشان لە مەراسیمەکەدا دوو سیمینار لەلایەن رێبوار حەمە تۆفیق و بوار نورەدین لەبارەى پڕۆژەکەوە پێشکەشکران.

لە سیمینارى یەکەمدا رێبوار حەمە تۆفیق، باسى لەو پێناسانە کرد کە بۆ ئینسایکلۆپیدیا کراوەو وتى ئینسایکلۆپیدیا بە پێناسە کۆنەکەى بریتییە لە کتێبێکى یەک بەرگ یان چەند بەرگ کە کورتەیەکى بە سوودى دەربارەى جۆرەکانى زانست یان لقێکى زانستى تێدایە.

پێناسەى نوێش بۆ ئینسایکلۆپیدیا دەڵێت کۆکردنەوەى کۆمەڵێک زانیاریی باشە لەسەر هەموو ئەو کارو بەرهەمانەى کە پێویست دەکات لەسەر هەر بابەتێک بخرێتەڕوو.

بەکورتى دەتوانین بڵێن ئینسایکلۆپیدیا گەڕانە بەدواى راستیدا، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەر بابەتێک لەناو ئینسایکلۆپیدیادا هەبێت بە سەرچاوە ئەژماردەکرێت لە رووى ئەکادیمییەوە.

لە بەشى دووەمى سیمینارەکەشدا بوار نورەدین، تیشکى خستەسەر کڵێشەى ئیدارى ئینسایکلۆپیدیا و هەروەها بە وردى باسى لە چۆنێتى و چەندێتى ناوەڕۆکى ئەو بابەتانە کرد کە لە ئینسایکلۆپیدیادا تۆماردەکرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد: ئیشکردن لەم بوارەدا کارێکى ئاسان نییە بەڵام هیوادارم هەموومان لە ئاستى ئەرکى خۆمان و بەرپرسیارێتیماندا کەمتەرخەم نەبین.

chevron-down