خوێندکارانی بەشی زمانی عەرەبی (فێستیڤاڵی ماڵئاوایی) ئەنجام ده‌ده‌ن

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە؛ ڕێکەوتی 2019/4/24 لە ھۆڵی دکتۆر مستەفا زەڵمی، بەچاودێری د. حسێن محمد صالح  ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و بەسەرپەرشتی مامۆستایانی بەشەکە ، خوێندکارانی بەشی زمانی عەرەبیی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی ھەڵەبجە،  فێستیڤاڵی ماڵئاوایی (مھرجان التودیع) یان بۆ خوێندكارانی به‌شی زمانی عه‌ره‌بی ئه‌نجامدا

  فێستیڤاڵەکە چەندین بڕگە و بابەتی ھەمەچەشنی لەخۆگرتبوو، کە بەرنامەکانی لەلایەن ھەردوو خوێندکار: «دلیڤان فەریق» و «گەشتیار جەعفەر» ەوە پێشکەش کران. بڕگه‌ی یەکەمی فێستیڤاڵ؛ بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدانی شاری ھەڵەبجە دەستی پێکرد و دواتر ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت چەند وتەیەکی پێشکەشکرد؛ کە تیایدا باسی لە ڕۆڵی خوێندکارانی بەشی زمانی عەرەبی کرد وەک مامۆستا لە ئایندەدا و ھەروەھا ھیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ سەرجەم خوێندکاران خواست. دواتر لەلایەن خوێندکار و ڕێکخەری فێستیڤاڵ «معین مەھدی» یەوە وتەیەک بەھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی پێشکەشکرا و لەگەڵ باسی فشار و خۆشی و ناخۆشییەکانی چوار ساڵی خوێندن، ھیوای خواست کە لە داھاتوودا ھەڵەبجەیەکی جوانتر و زانکۆی ھەڵەبجەش بە ئەدایەکی باشتر ببیننەوە. لە پاشاندا؛ خوێندکاران بەزمانی عەرەبی پانێڵێکی زانستییان ئەنجامدا، لە پانێڵەکەدا سێ خوێندکاری بەشەکە کە بریتیبوون لە «دنیا ئازاد» و «حەیدەر مەحمود» و «سەنا ئەنوەر» دەربارەی بابەتی بەختەوەری (السعادة) گفتوگۆیان کرد و بیروڕا تایبەتەکانی خۆیانیان لە بارەی (مانای بەختەوەری) و ھەروەھا (پەیوەندی بەختەوەری بەپارەوە) دەربڕی. پاشان لەبڕگەی شیعر و مۆسیقادا، شیعرەکانی «کاروان نوری» شاعیر و سەدای سێتارەکەی «گۆران ھەڵەبجەیی» جۆش و خرۆشی تایبەتیان دایە فێستیڤاڵەکە. به‌شێكی فیستیڤاڵه‌كه‌ پێشبڕکێیەکی زانستی و ھاوکات خەندەئامێزی (پرسیار و وەڵام) لەلایەن دوو تیم لە خوێندکارانی بەشەکەوە ئەنجامدرا و لەکۆتایی پێشبڕکێکەدا ھەردوو تیمی بەشداربوو خەڵات کران.

  پاش وەرگرتنی وچانێک؛ بەشی دووەمی فێستیڤاڵەکە بە سیمینارێکی مامۆستای بەشەکە «د. خالد محمد غریب» دەربارەی (ڕۆڵی نەرێنیی سیستەمی پەروەردە و خوێندن) دەستیپێکرد، کە ئاماژەیان بە کەلێنەکانی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن کرد و ڕێگاچارەی گونجاو و واقیعییان بۆ خستەڕوو. دواتر لەلایەن چەند خوێندکارێکی بەشەکەوە، شانۆگەرییەک پێشکەشکرا، کە شانۆییەکی کۆمیدی و ڕەخنەیی بوو لەسەر کێشەی «دەقگرتن بە مەنھەجی دیاریکراو لەلایەن خوێندکار و مامۆستایانەوە» .

بڕگه‌ی یاریی «ناسینەوەی وشەکان لەڕێی جووڵەی دەمەوە» لەلایەن دوو تیمی تر لە خوێندکارانەوە كه‌ وه‌ك بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ ئەنجامدرا.

شایەنی باسە لەم فێستیڤاڵەدا چەند ڤیدیۆیەکی ھاندان و ھیوابەخش، و گۆرانی و نمایش پەخشکران؛ کە سەرجەمیان لەلایەن خوێندکارانی بەشەکەوە کاری وەرگێڕان و ژێرنووسیان بۆ کرابوو. لەگەڵ ئەوەش کە ناوبڕی نێوان بڕگەکانی ئەم فێستیڤاڵە؛ بە پارچە مۆسیقا و گۆرانی عەرەبی و کوردی ئاوێزان کرابوو.

 لە کۆتا بڕگەشدا، خوێندکارانی قۆناغی چوارەم بە پارچەیەک ڤیدیۆ؛ تەماشای ئەرشیفی وێنە یادگارییەکانی ھەر چوار ساڵی خوێندنیان كردەوە .

Sharing is caring!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *